تیۆری لافنجەر دەربارەی گەشەی خود

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-10-01:17:00 - کۆدی بابەت: 4347
تیۆری لافنجەر دەربارەی گەشەی خود

ناوه‌ڕۆك

تیۆری لافنجەر 

لافنجەر پەرەی بە تیۆرەکەی خۆی دا دەربارەی گەشەی (خود - من) ئەویش لە ڕێگەی پشت بەستن بە چەند تیۆرێک لەوانە (تیۆری بیاجیە و هافگرست و هەندێک لە تیۆرەکانی شیتەڵکاری دەروونی وەک تیۆری سولیڤان)
بە بۆچوونی لافنجەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە کۆنترۆڵکردنی پاڵنەرە سروشتیەکان و شارەزاییە هەستیەکان.

لافنجەر پێی وایە (خود - من) لە کاتی گەشەکردنی بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت ئەویش لە دەرئەنجامی کارلێکردنی هۆکارە بایۆلۆژیەکان و کۆمەڵایەتیەکان و مەعریفیەکان دروستدەبێت.

قۆناغەکانی گەشەکردنی تیۆری لافنجەر

  1. یەکبوونی لەگەڵ سروشت: ئەم قۆناغەش لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤ دەستپێدەکات و تا چەند مانگ بەردەوام دەبێت، لەم قۆناغەدا منداڵ ناتوانێت درک بە خودی خۆی بکات، ناتوانێت جیاوزی لە نێوان خودی خۆی و جیهانەی دەرەوە بکات، لە ساڵی یەکەم منداڵ دەتوانێت جیاوازی نێوان دایکی و شتەکانی تر بکات.
  2. قۆناغی هەڵمەت بردن (الاندفاع): منداڵ لەم قۆناغەدا دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی پاڵنەرە فسیۆلۆژیکانە، لەگەڵ ئەوەی منداڵ درک بە جیاوازی نێوان خودی خۆی و خودی دایکی دەکات، وە هەروەها بە سەرچاوەی تێرکردنی پێویستیەکانیشی دادەنێت، هەڵسەنگاندنە ڕەوشتیەکانی دایکی بۆ کاری راست و چەوتی پەیوەستە بە ڕادەی تێرکردنی پێویستیەکانی، بۆ نمونە لای منداڵ لەم قۆناغەدا دایکی باش ئەو دایکەیە تێری دەکات و دایکی خراپ ئەو دایکەیە کە ویستەکانی تێرناکات.
  3. قۆناغی پاراستنی خود: منداڵ لەم قۆناغەدا توانای کۆنترۆڵکردنی پاڵنەرە ڕەمەکیەکانی هەیە، درک بە بوونی ڕێسا گەورەکان دەکات، بەڵام شێوازی جێبەجێکردنی لا ڕوون و ئاشکرا نییە، بۆیە پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکان پەیوەست دەبێت بە تێرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی، واتە هەموو کارێک بە هەڵە دەژمێرێت ئەگەر بێتە مایەی ئازار و زیانی ئەو.
  4. قۆناغی شوێنکەوتن: لەم قۆناغە منداڵ بەرەو هاوڕێکانی دەچێت و یاساکانی کۆمەڵ قبوڵ دەکات، بە مەبەستی ئەندامبوونی لەم کۆمەڵە نەک لە ترسی سزادان.
  5. قۆناغی ویژدان (ضمیر): لەم قۆناغەدا خودی مرۆڤ بە تەواوی گەشە دەکات، هەست بە گرنگی ئامانجەکانی دەکات، هەستی بەرپرسیارێتی پەرە دەسێنێت، توانای ڕەخنە لە خود گرتنی دەبێت، لە کاتی شکاندنی یاساکان هەست بە بەرپرسیارێتی و ناڕەحەتی دەکات.
  6. قۆناغی سەربەخۆیی: بە بۆچوونی لافنجەر ئەم قۆناغە لەو کاتە دەستپێدەکات کاتێک مرۆڤ توانای یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی دەبێت و توانای بە هەندوەرگرتنی بیروڕا جیاجیاکانی کەسانی دەوروبەری دەبێت.
  7. قۆناغی تەواویی (تکامل): لافنجەر پێی وایە کەم کەس توانای گەیشتنی بەم قۆناغە هەیە، لەم قۆناغەدا مرۆڤ توانای بەڕێوبردنی ململانێکانی هەیە و لە ڕێگەی ئەم بەڕێوبردنە توانای (بەدیهێنانی خودی) دەبێت.


سەرچاوەکان



1883 بینین